ژمارەی بینین:

نەخۆشى دەوالى .. چیە ؟

نوسەر:د. نەبەز سیوەیلى
بەروار:٢٠١٤/١٠/٠٧

دەوالى نەخۆشییەکى بۆریەکانى خوێنە , کە لە نێو کۆمەڵگەى ئێمەدا بە دەوالى باوە و مەبەستیش پێ ى لە زانستى پزیشکی دا ( بۆریى خوێنهێنەرى درێژ و پێچ خواردوو فراوان بووە کە دەکەونە ژێر ڕووى پێست ) واتە ئەو بۆریە خوێنانەى کە خوێن لە پەلەکانەوە دەگەڕێننەوە بۆ لەش کار و فرمانیان تێک دەچێ و ئەو خوێنەى کە دەبوایە بگەڕێتەوە بۆ دڵ بەمەبەستى پاکژ کردنەوە , ئێستا لەوێدا دەمێنێتەوە و ناگەڕێتەوە , بەمەش ئەو بۆریە خوێنانە پڕ دەبن لە خوێن و دەئاوسێن و پێچ دەخۆن و بە شێوەى مارى ووردیلەى پێچ خواردوو لە ژێر پێستى پەلەکانەوە دەردەکەون ..

چۆن ئەم نەخۆشیە درووست دەبێت ؟

لەبارى ئاساییدا , بۆریە خوێنهێنەرکانى پەلەکانى سەرەوە زمانەیان تێدا نیە و بە هێزى ماسوولکەکان خوێن دەگەڕێتەوە بۆ دڵ , بەڵام لە پەلەکانى خوارەوەى لەش ( واتە هەردوو پەلى خوارەوە , ڕان و لاق ) لەوێدا خوێن لە سەرڕووى پێستەوە دەچێت بەرەو بۆریە خوێنهێنەرە قووڵەکانى ناو لاق و لەدەورى ئەم بۆریە خوێنهێنەرە قووڵانەش ماسوولکەى بەهێز و چاپووک هەن کە پاڵ بە خوێنەکەوە دەنێن بەناو پەلەکاندا بۆ دڵ , و لەم نێوانەشدا چەند زمانەیەک هەن کە تەنها بە یەک ئاڕاستە ڕێگە بە گواستنەوەى خوێن ئەدەن , ئەویش لە دەرەوە بۆ ناوە( واتە لەسەر ڕووى پێستى ڕان و لاق بۆ ناو قوڵایی ڕان و لاق , و بە پێچەوانەوە ڕێگە نادەن ..

لەم نەخۆشیەدا , بەهۆى شل بوونەوە یان لەکارکەوتنى ئەم زمانانەوە , خوێن دەگەڕێتەوە بۆ دەرەوە ( واتە لە ناوەوە بۆ دەرەوە ) و چیتر ئەم زمانانە کارى خویان ناکەن , و ئەم خوێنەش بە شێوەى گرێ گرێ یان ئاوسانى پێچ خواردوو ( وەک لەوێنەکاندا دیارە ) دەردەکەون ...

هۆکارەکانى چین ..؟ بۆچى ئەم زمانانە لەکاردەکەون ؟

یەکەم / سەدا نەوەدو پێنجى حاڵەتەکان , هۆکارى بۆماوەیى یە ( واتە لە کەس و کارى نەخۆشدا ) هەمان نەخۆشى هەبووە ..

واتە دەگونجێ شانەى زمانەکان لەو خێزانەدا توند و تۆڵ و جیڕ نەبن , یان زمانەیان نەبێت ..
دووەم / بە پێوە وەستانى زۆر , وەک ئەوانەى پیشەیان ڕاوەستانە , وەک کارمەندانى هاتووچۆ , یان پاسەوانان , یان پیشەوەرانى دەستگێڕ .. ئەگەر بۆ ماوەیەکى زۆر ڕابووەستن ..

سێیەم / تێکشکانى زمانەکان بە هۆى نەخۆشى مەیینى خوێن لە پەلەکاندا ..
چوارەم / سک پڕى , چەند بارە ..
پێنجەم / حەپى بەرگرى لە سکپڕ بوون ( حەپى مەنع )

چۆن نەخۆش هەست بە بوونى ئەم نەخۆشیە دەکات ؟

- زۆرکات دەڵێ , لاقەکانم ناشرین بوون , شێوەیان شێواوە .. دەمارى شین دەرکەوتووە ..
- ئازارى لاق یان ڕانەکان بە شێوەى گووشین و کرژبوون ..
- مێروولەکردن
- سەخت و قوورسى هەنگاونان ..
- خورانى ئەو شوێنانەى کە بۆریە خوێنەکانى لێ دەرکەوتووە ..

نیشانەو ناسەرەوەکانى ..

- ئاوسان پەلەکانى خوارەوە ( زۆر بە دەگمەن لە پەلەکانى سەرەوە ڕوو ئەدات )
- گۆڕانى ڕەنگى پێست .. شین بوونەوە یان زەردو تاریک بوون , و زبربوونى پێستى ئەو شوێنانە
- برین کردن لە سەر بۆریە خوێنە گرێ گرێکان ..
- ڕەق بوونى پێست بەسەر ئەو بۆریە ئاوساوانەوە ..

چارەسەرەکان ..
چەند ڕێگەیەک هەیە بۆ چارەسەر .. کە دەبێت لەلایەن پزیشکى پسپۆڕى بۆرى خوێن و دڵ ەوە ئەنجام بدرێ ..

١. گۆرەوى تایبەت لەپێ کردن ( تایبەت بە نەخۆشى دەوالى )
٢.چارەسەرکردنى بۆریە خوێنەکان .. تاڵێکى کانزایی دەبرێتە ناو بۆریە خوێنەکەوە و گەرم دەکرێ و هەردوو دیوارى بۆریەکە پێکەوە دەنووسێنرێ و دادەخرێ ..
٣.گەرم کردنى ناو بۆریە خوێنە ئاوساوەکان بە لێزەر ..
٤.لێدانى دەرزیەکى تایبەت کە مادەیەکى تێدایە ڕەقهەڵهێنە .. واتە بۆریە خوێنەکان ڕەق دەکات و بۆ هەمیشە نا ئاوسێن و دیسان گرێ گرێ نابنەوە ..
٥. لابردنى ئەو دەمارانە .. یان بەستنى شوێنى زمانەکان لە سەرەتاى ڕان و پشتى ئەژنۆ ..

ئامۆژگارى و ڕێنمایی ..

ئەو کەسانەى تووشبوون بە نەخۆشى دەوالى .. پێویستە , زۆر بە پێوە ڕانەوەستن . هەروەها کاتى دانیشتن قاچەکانیان بەرزتر ڕاگرن , بەرزى بکەنەوە جا یاخۆ بە خستنە سەر کورسی یان دانانى سەرین لە ژێریدا , کەم کرنەوەى کێشى لەش , پیاسەکردنى ڕۆژانە بە پێى خشتەى تایبەتى خۆت بەبەردەوامى هەموو ڕۆژێک لەکاتى خۆى ..

د. نەبەز سیوەیلى
٢٦/٣/٢٠١٤

بەهیواى دوورى هەموو لایەک لە نەخۆشى و دەردەدارى ..

تێبینى / ئەم نەخۆشیە لە گونەکانى نێرینەشدا ڕوو ئەدات و وەک توورەکەیەکى پڕ لە کرم دەردەکەوێت .. لە ڕاستیا ئەوەى لە کرم دەچێت .. بۆریە خوێنە گرێگرێ کانن !