ژمارەی بینین:

ستـــەم كـــــــــردن

نوسەر:مامۆستا چیا فؤاد فرج
بەروار:٢٠١٣/٠٩/١٦

الحمد لله رب العالمين والصلاة والسلام على نبينا محمد وعلى آله وصحبه أجمعين، وبعد:

سەرەتا سوپاس‌و ستایش بۆ پەروەردگاری زۆر مەزن داواكارین لێی لێمان خۆش بێت‌و لەتاوانی پاش‌و پێشمان ببورێت‌و نەمانكات بە بەندەیەكی ستەمكار، وەپەنای پێ ئەگرین لەو كردەوە ناشیرین‌و نادروستە لەراستیدا وەكو ئاشكرایە ستەم كردن یەكێكە لەتاوانە گەورەكان وە كردەوەیەكی زۆر قێزەونە، بەڵام زۆر بەداخەوە دەڵێم ئەم كردەیە لەناو خەڵكیدا بۆتە كارێكی باو، ئیمانداری خۆشەویست خوای پەروەردگار خاوەنی سیفاتی جوان‌و بەرزە لە سیفاتەكانی خوای پەروەردگار ئەوەیە كە عەدل‌و دادپەروەرە خوای پەروەردگار زەڕەیەك ستەم لەهیچ كەس ناكات، كارەكانی خوای پەروەرگارو مامەڵەو هەڵسوكەوتی لەگەڵ ئێمەدا بەعەدل‌ و دادپەروەریە، ئەگەر هەڵەیەكت كرد ئەوا یەك هەڵەت لەسەر ئەنووسێت، یان بەخشندەیە بەرامبەر بەندەكانی كاتێك بەندەكانی هەڵەو تاوانێك دەكات لێی خۆش دەبێت، یان ئەوەتا ئەگەر چاكەیەكت كرد ئەوا بە(10) قات و تا(70) قات و زیاتر بۆت دەنوسرێت، بەڵام زوڵم‌و ستەم كردن لە ئەفعالی خوای پەروەردگاردا نییە. وەك ئەوەی كەسێك خراپەیەك نەكاو خراپەی لەسەر بنوسرێ‌، یان كەسێك چاكەیەك بكات‌و چاكەی بۆ نەنوسرێ‌،
خوای پەروەردگار دەفەرمێت:[فَمَنْ يَعْمَلْ مِثْقَالَ ذَرَّةٍ خَيْرًا يَرَهُ وَمَنْ يَعْمَلْ مِثْقَالَ ذَرَّةٍ شَرًّا يَرَهُ (الزلزلة: 7-8) ].
واتە: هەر كەسێك مسقاڵە زەڕەیەك خێرو چاكە بكات لای خوای پەروەردگار دەی بینێتەوە، وە بەپێچەوانەوە هەركەسێك مسقاڵە زەرەیەك خراپە‌و تاوان بكات لای خوای پەروەردگار دەیبینێتەوە بەبێ‌ زیادبوون‌و كەم بوون. خوای پەروەردگار زوڵم‌و ستەمی لەخۆی حەرام كردووە، وە هەروەها لەبەنی ئادەمیشی حەرام كردووە هەروەكو پەروەردگار لەحەدیسێكی قودسیدا دەفەرمووێت:
( يابنى ادم اني حرمت الظلم على نفسي وجعلته بينكم محرما فلا تظالموا)( رواه مسلم والترمذي وابن ماجة، وانظر: صحيح الترغيب والترهيب: 2214 ) . واتە: ئەی نەوەی ئادەم من زوڵم و ستەمم لەخۆم حەرام كردووە زوڵم لەهیچ كەسێك ناكەم، وە زوڵمم لەئێوەش حەرام كردووە كەوابوو ئێوەش زوڵم لەیەكتری مەكەن . زوڵم وستەم ئەوەندە كارێكی قێزەون‌و تاوانێكی گەورەیە خوای پەروەردگار لەخۆی حەرام كردووە لەگەڵ ئەوەشدا زۆر بەتواناو بەدەسەڵاتە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا خوای پەروەردگار زوڵمی لەخۆی حەرام كردووە، تەنانەت ئەگەر مسقاڵە زەرەیەكیش بێت. وەبەهەمان شێوەش نایەوێ‌ ئێمەش زوڵم و ستەم لەیەكتری بكەین، چونكە ئێمەیەكی بێ‌ دەسەڵاتی كەم تەمەن گەڕانەوەمان هەر بۆ لای خوای پەروەرگارەو ئەگەر ستەم بكەین ئەوا لێ‌ پرسینەوەو موحاسەبەی لەسەرە لەدونیاو لەقیامەتیشدا خوای پەروەردگار چی بۆ زاڵم‌و ستەمكاران داناوە؟
خوای پەروەردگار ئەفەرمووێت:
[وَقُلِ ٱلۡحَقُّ مِن رَّبِّكُمۡۖ فَمَن شَآءَ فَلۡيُؤۡمِن وَمَن شَآءَ فَلۡيَكۡفُرۡۚ إِنَّآ أَعۡتَدۡنَا لِلظَّٰلِمِينَ نَارًا أَحَاطَ بِهِمۡ سُرَادِقُهَاۚ وَإِن يَسۡتَغِيثُواْ يُغَاثُواْ بِمَآءكَٱلۡمُهۡلِ يَشۡوِي ٱلۡوُجُوهَۚ بِئۡسَ ٱلشَّرَابُ وَسَآءَتۡ مُرۡتَفَقًا (الكهف: 29) ] .
واتە: ئێمە ئامادەمان كردووە بۆ زاڵم‌و ستەمكاران ئاگرێك كە بڵێسەكەی (وەكو ڕەشماڵ) دەورەیان دەدەات‌و ڕزگاریان نابێت لەو ئاگرە، وە ئەگەر لەتینوانا هاواری ئاو بكەن ئاوێكیان بۆ دەهێنرێ‌ وەك مسی تواوە (یا وەك چڵك و چەپەڵی رۆن زەیت وایە) روو ودەم‌و چاویان دەبرژێنێ‌ ئای چ خواردنەوەیەكی پیس‌و خراپە ئای چ شوێنێكی خراپە.
ئەی كەسی ستەمكار بۆ ستەم ئەكەیت‌و بیرناكەیتەوە كەئەوە عاقیبەت‌و سەرئەنجامی ستەم كردنە، كەواتە زوڵم‌و ستەم كردن تاوانێكە زۆر گەورەیە بۆیە ئەو كەسانەی زوڵم‌و ستەم ئەكەن بەر لەعنەتی خوای پەروەردگار دەكەون،
خوای پەروەردگار ئەفەرمووێت:[ أَن لَّعۡنَةُ ٱللَّهِ عَلَى ٱلظَّٰلِمِينَ [الأعراف: ٤٤]. واتە: لەعنەتی خوا لەو كەسانەی كەزوڵم و ستەم ئەكەن.
كەتۆ لەرەحمەتی خوا دووركەوتیتەوەو بەر لەعنەتی خوا كەوتی دڵت بەچی خۆشەو ئومێدی چیت هەیە كەخوا لە ڕەحمەتی خۆی دەرت بكات لە بەدبەختی و نەهامەتی‌و ناخۆشی‌و ئاگری دۆزەخ زیاتر هیچی تر بە قسمەتت نابێت، چونكە خوای پەروەردگار لەعنەتی لێ‌ كردیت بەهۆی ئەو زوڵم و ستەمەی كردت لەكەسانی تر. وەهەروەها خوای پەروەردگار كەسی زاڵم‌و ستەمكاری خۆش ناوێت هەروەكو دەفەرمووێت: إِن يَمۡسَسۡكُمۡ قَرۡح فَقَدۡ مَسَّ ٱلۡقَوۡمَ قَرۡح مِّثۡلُهُۥۚ وَتِلۡكَ ٱلۡأَيَّامُ نُدَاوِلُهَا بَيۡنَ ٱلنَّاسِ وَلِيَعۡلَمَ ٱللَّهُ ٱلَّذِينَ ءَامَنُواْ وَيَتَّخِذَ مِنكُمۡ شُهَدَآءَۗ وَٱللَّهُ لَا يُحِبُّ ٱلظَّٰلِمِينَ(آل عمران: 140). واتە: خوای گەورە ستەمكارانی خۆش ناوێت.
وە ئەو كەسانەی زاڵم و ستەمكارن بەهیچ شێوەیەك سەركەوتو نابن(انه لايفلح الظالمون) هەرچەندە دەسەڵاتی هەبێت‌و بەهێز بێت ئیلا خوای پەروەردگار سەرشۆڕو زەلیلی دونیاو قیامەتی دەكات. وە ئەگەر سەیرێكی مێژوو بكەین دەبینین كەسانێكی زۆر كاربەدەست بوونەو سەرۆكی وڵات بوونە هەرچەندە بەتوانا بوون وە دەسەڵاتی بەهێزیان هەبوو وە كەسانێكی زۆر لەبەردەستیاندا كاریان دەكرد، بەڵام لەبەر ئەوەی زاڵم‌و ستەمكار بوون‌و ئاگایان لەكەسانی هەژار نەبوو، وە ستەمیان لە خەڵكانی هەژارو لێقەوماو دەكرد ئەو زوڵم ستەمەیان بۆ نەچووە سەر بەڵكو خوای پەروەردگار سەرشۆڕو زەلیلی كردن لەدنیاو قیامەتدا،
وه هەروەكو پەروەردگار دەفەرمووێت:
وَلَا تَحۡسَبَنَّ ٱللَّهَ غَٰفِلًا عَمَّا يَعۡمَلُ ٱلظَّٰلِمُونَۚ إِنَّمَا يُؤَخِّرُهُمۡ لِيَوۡم تَشۡخَصُ فِيهِ ٱلۡأَبۡصَٰرُ (إبراهيم: ٤٢) .
واتە: بێ‌ گومان بن كە خوای گەورە ئەوە لەیادناكات‌و بێ‌ ئاگا نییە لەكردەوەی ستەمكاران، بەڵكو خوای پەروەردگار ئەوانە فەرامۆش ناكات‌و دوایان دەخات بۆ ئەو ڕۆژەی كە لەترسان چاویان دەردەپەڕێ‌‌و نابینا دەبن. كەسێكی وەكو فیرعەون كەهەموو وڵاتی میسری لەژێر دەستدابوو لەكاتێكدا دەیووت: (فَقَالَ أَنَا۠ رَبُّكُمُ ٱلۡأَعۡلَىٰ ) (النازعات: 24) .واتە: من خوای هەرە بەرزی ئێوەم.
وە زوڵم‌و ستەمێكی زۆری لەبەنی ئیسرائیل دەكرد كاتێك منداڵیان ببوایە كوڕ بوایە سەری دەبری و كچ بوایە دەیهێشتەوە، بۆیە خوای پەروەردگار پێغەمبەر موسای (عليه سلام) نارد بۆی وە سوك وریسوا بوو وەبەكافری مرد، دەی ئەو هەموو نمونەیە بەس نییە بۆت ئەی كەسی ستەم كار تاوەكو پەندو عیبرەتی لێ وەربگری؟ بۆیە ئەی كەسی ستەمكار ڕۆژیك هەردەبێ كە زەلیل‌و سەرشۆڕ بیت ئەمە لەدنیا، جگە لەو قیامەتەی خوای پەروەردگار لەبارەی ستەمكارانەوە دەفەرمووێت:[إِلَّا ٱلَّذِينَ ءَامَنُواْ وَعَمِلُواْ ٱلصَّٰلِحَٰتِ وَذَكَرُواْ ٱللَّهَ كَثِيرا وَٱنتَصَرُواْ مِنۢ بَعۡدِ مَا ظُلِمُواْۗ وَسَيَعۡلَمُ ٱلَّذِينَ ظَلَمُوٓاْ أَيَّ مُنقَلَب يَنقَلِبُونَ (الشعراء: ٢٢٧)] .
واتە: لەداهاتودا ستەمكاران دەزانن بۆ كوێ‌ دەگەرێنەوەو چی چاوەڕێیان دەكات.
بائەمرۆ ڕابوێرن بائەمرۆ دڵیان بەزوڵم‌و ستەمەكەیان خۆش بێت لەداهاتودا دەزانن چۆن هەڵدەگەڕێنەوەو سەربەرەو خوار بەرەو كوێ‌ دەچن‌و بەرەو چی عەزاب‌و زەلیلیەك دەرۆن، زوڵم‌و ستەم زۆر تاوانێكی گەورەیە بۆیە لە ڕۆژی قیامەت خۆرو مانگ كۆدەكرێتەوەو ڕوناكی نامێنێت هەركەسێك ڕوناكی دەدرێتێ‌ بەئەندازەی كارو كردەوە چاكەكانی خۆی، ئەو كەسەی كەزاڵم‌و ستەمكار بووە لەجیاتی ئەوەی رووناكی بدرێتێ‌ لەتاریكیەكی زۆر تاریكدا دەمێنێتەوە جا چۆن لەپردی (صراط) دەپەڕێتەوە، ئیمانداران ئایا دەزانن زوڵم و ستەم كردن بریتییە لەچی؟ بریتییە لەوەی هەرشتێك نەدەیتە شایستەی خۆی وەلەجێگای لایەقی خۆی داینەنێیت، كەسێك كە شایانی شتێك نەبێ‌ بیدەیتێ‌ وە كەسێك شایانی شتێك بوو نەیدەیتێ‌ ئەوە بریتییە لە شێوەیەك لەشێوەكانی زوڵم وستەم كردن .

وصلى الله وسلم على نبينا محمد وعلى آله وصحبه أجمعين.