ژمارەی بینین:

وەسێتنامەی شەرعی

نوسەر:يحيى ستار شێخانی
بەروار:٢٠١٣/٠٢/٠٣

الحمدلله و الصلاة والسلام على رسول الله وعلى آله وصحبه ومن والاه.
خوشك و برای موسڵمان ...
ئەم نامیلكەیەی, كە لە بەردەستانە بریتیە لە وەسێتێكی شەرعی, كە خوای گەورە خۆی فەرمانی پێكردوە لە قورئانی پیرۆزدا, وەكو دەفەرموێت: ((وَوَصَّى بِهَا إِبْرَاهِيمُ بَنِيهِ وَيَعْقُوبُ يَا بَنِيَّ إِنَّ اللَّهَ اصْطَفَى لَكُمُ الدِّينَ فَلَا تَمُوتُنَّ إِلَّا وَأَنْتُمْ مُسْلِمُونَ )) {البقرة:132}.
واتە: ئیبراهیم و یەعقووب, ئەو ئایینەیان بە كوڕەكانیان وەسێت كرد و ڕاسپارد, گوتیان: ڕۆڵەكانم..!بێگومان بن كە خوای گەورە ئەم ئایینی یەكتا پەرستییەی هەڵبژاردووە بۆتان, دەسا ئێوەش هەوڵ بدەن, كە تەنیا و تەنیا بە موسڵمانێتی بمرن, واتە: تەنها ساتێك لەم دینە دوور نەكەونەوە.
هەروەها پێغەمبەری خوا ((صلى الله عليه وسلم)) دەفەرموێت: ((ماحق امرئ مسلم له شيء يريد أن يوصي فيه يبيت ليلتين إلا و وصيته مكتوبة عنده )). {أخرجه البخاري ومسلم و أبو داود و النسائي و الترمذي} .
واتە: پێویستە لە سەر هەموو موسڵمانێك, كە دوو شەوی بە سەردا نەیەت ئیلا ئەبێت وەسێتەكەی لای سەری نوسرا بێت.
عەبدوڵڵای كوڕی عومەر(ڕەزای خوای لێ بێت) دەفەرموێت: هیچ شەوێكم لە دەست نەچووە لەو كاتەوە, كە گوێم لە پێغەمبەری خوا بووە ((صلى الله عليه وسلم)) ئیلا وەسێتەكەم لە ژووری سەرم بووە.
بۆیە بە ئەركی سەر شانی خۆمانی دەزانیین, كە موسڵمانان ئاگادار بكەینەوە لەم سوننەتە پشت گوێ‌ خراوە و ڕێنمونیان بكەین بە شێوازێكی شەرعی وەسێتەكانیان بكەن, هەروەها لە ناو خاڵە وەسێت پێ كراوەكاندا چەندەها سوننەت زیندوو دەكرێنەوە لە سەرە مەرگەوە تا بە خاك سپاردن, هەروەها ئەم وەسێت كردنە سوننەتە بۆ پیاوان و ژنان وەك یەك ((إنما النساء شقائق الرجال)){السلسلة الصحيحة " 6 / 860 }.
هۆی نووسینی ئەم وەسێتەش ئەوەیە, كە خەڵكی بە گشتی وازیان لەم سوننەتە هێناوە و پشت گوێیان خستووە, لە گەڵ ئەوەشدا كە زۆر گرنگە, هەروەها دەبێتە یادكردنەوەیەك بۆ ئەوەی, مردنت لە یاد نەچێت .
بۆ نموونە تۆ هەندێك پارەت بە قەرز هێناوە لە جێگایەك تەنها خۆت دەیزانیت و ماڵ و منداڵیشت لێی بێ ئاگان, ئەو كاتە نەدانەوەی دەبێتە هۆكارێك بۆ نەچونە ناو بەهەشتەوە تاوەكو ئەو قەرزە بدرێتەوە, بەڵام ئەگەر تۆ وەسێتت كردبێت ئەوكاتە ڕزگارت دەبێت لەو كێشەیە.
هەروەها خەڵكانێكی زۆر بێ ئاگان و نازانن ئەو شتانە چیین وەسێتی بۆ بكەن, كە نادروستە ئەنجام بدرێت لە كاتی مردن و دوای مردنیشدا, بۆیە هەستام بەم كارە, پاش ڕاوێژكردن لە چەند مامۆستایەكی ئایینی, ئەوانیش هەمان هەڵوێستیان هەبوو.
داوا لە خوای گەورە دەكەم, كە موسڵمانان سودمەند بن لێی و وەسێتەكانیان بكەن بە شێوەیەكی شەرعی, كە خوای گەورە لێی ڕازی بێت.

والحمدلله أولاً و آخراً

ئەمەیە وەسێتەكەم:

من شایەتی ئەدەم, كە هیچ خوایەك نییە شایستەی پەرستن بێت بە حەق جگە لە (الله) تاك و تەنهایە و شەریكی نییە, هەروەها محمد ((صلى الله عليه وسلم)) بەندە و نێردراوی ئەوە و ڕۆژی قیامەت دێت و هیچ گومانێكی تێدا نییە و خوای گەورە خەڵكی زیندوو دەكاتەوە لە ناو گۆڕ, هەروەها وەسێت دەكەم بۆ كەس و كارم لە دوای خۆم تەقوای خوای گەورە بكەن و چاك بن لە گەڵ یەكدا و گوێڕایەڵی خوا و پێغەمبەرەكەی ((صلى الله عليه وسلم)) بكەن.
خوای گەورە دەفەرموێت: ((وَوَصَّى بِهَا إِبْرَاهِيمُ بَنِيهِ وَيَعْقُوبُ يَا بَنِيَّ إِنَّ اللَّهَ اصْطَفَى لَكُمُ الدِّينَ فَلَا تَمُوتُنَّ إِلَّا وَأَنْتُمْ مُسْلِمُونَ)) {البقرة: ١٣٢}.
واتە: ئیبراهیم و یەعقووب, ئەو ئایینەیان بە كوڕەكانیان وەسێت كرد و ڕاسپارد, گوتیان: ڕۆڵەكانم..!بێگومان بن كە خوای گەورە ئەم ئایینی یەكتا پەرستییەی هەڵبژاردووە بۆتان, دەسا ئێوەش هەوڵ بدەن, كە تەنیا و تەنیا بە موسڵمانێتی بمرن, واتە: تەنها ساتێك لەم دینە دوور نەكەونەوە.
وە وەسێتم ئەكەم بۆ ئەم شتانە:
1- لە كاتی مردنمدا چەند پیاو چاكێك لە دیار سەرم بن بۆ ئەوەی بەیادم بهێننەوە كەوا گومانی باشم هەبێت بە خوای گەورە .
2- شایەتمانم پێ بهێنن.
3- لە كاتی مردنمدا غەیری دۆعای خێر زیاتر هیچی تر نەڵێن.
4- پەلە كردن لە كفن كردنمدا .
5- شیوەنم بۆ نەكرێت و ڕازی نیم بەو كارە چونكە حەرامە و شەرعی نییە.
6- دەنگ بەرز نەكردنەوە و لاوانەوە بە هیچ شێوەیەك چونكە هەمووی حەرامە.
7- چاوەكانم دابخرێت و بە پارچە قوماشێكیش هەموو گیانم داپۆشن و ڕێگر نیم لەوانەی كە مەحرەمن ماچم كەن.
8- هەروەها قەرزەكانم بۆ بدەنەوە ئەگەر هەموو ماڵەكەشم بگرێتەوە ئەمەش قەرزارییەكانمە:......................................................................................................................................................











9- ئەو كەسەی زیاتر بە سوننەت شارەزایە بمشۆرێتەوە و ئەگەر لە كەس و كارم بێت باشترە, ئەگەر عەیبێكیش لە گیانمدا بوو بیشارێتەوە.
10- هەروەها زێدڕەوی نەكەن لە كفن كردنمدا و لە سێ پارچە زیاتر نەبێت چونكە ئەبێتە هۆی بە فیڕۆدانی پارە و پول ئەویش قەدەغە كراوە لە شەرعدا .
11- ئافرەتان دوای جەنازەكەم نەكەون.
12- خەڵكانێكی زۆر نوێژ بكەن لە سەرم چونكە سودێكی زۆری بۆم هەیە.
13- كەسێك پێش نوێژی جەنازەم بكات قورئانی زۆر لە بەربێت و شارەزاتربێت بە سوننەت و بە نییەتێكی پاكەوە دۆعام بۆ بكەن, ئیمام لای سەرم بوەستێت و ئەگەر ئافرەتیش بوو ئەوە لە ناوەڕاستی بوەستێت. هەروەها لەو سێ كاتەی كە قەدەغەكراوە نوێژم لە سەر نەكرێت و نەنێژرێم, مەگەر لەبەر ناچاری بێت:
ناشتن لەو كاتانەدا كە لە فەرموودەكەی (عوقبە) ی كوڕی (عامر) دا باس كراون كە دەفەرموێت: ((ثلاث ساعات كان رسول الله ((صلى الله عليه وسلم)) ينهانا أن نصلي فيهن، أو أن نقبر فيهن موتانا: حين تطلع الشمس بازغة حتى ترتفع، وحين يقوم قائم الظهرة حتى تميل الشمس، وحين تضيف الشمس للغروب حتى تغرب))
أخرجه مسلم (2 / 208) وأبو عوانة في صحيحه (1 / 368) وأبو داود (2 / 66).
واتە: سێ كات هەیە پێغەمبەری خوا ((صلى الله عليه وسلم)) فەرمانی پێ كردووین كە نوێژی تێدا نەكەین و مردووەكانمانی تیا نەنێژین , لە كاتی خۆری بەرەبەیاندا تاكو خۆر بەرز دەبێتەوە و لەو كاتەی خۆر لە ناوەڕاستی ئاسمان لا دەدات بەرەو خۆر ئاوا بوون , وە لەو كاتەی خۆرە زەردەی ئێواران تاكو خۆر ئاوا دەبێت.

14- قەبرەكەم قووڵ و فراوان بێت, وە ئەگەر بگونجێت (لحد) بێت.
15- ئاساییە گەر لە گەڵ یەكێكی تردا بنێژرێم گەر پێویست كرا و هەر كەسێكمان باشتر و شارەزا تر بوو لە دیندا پێش بخرێت.
16- وە كەس و كار و خزمانم ئەولاترن لە خەڵكی كە دامگرن بۆ ناو قەبرەكە.
17- بێ دەنگ بن و دەنگیان بەرز نەكەنەوە تەنانەت بە زیكریش لە كاتی بردنی تەرمەكەمدا چونكە بیدعەیە.
18- ئەو كاتەی دام ئەگرن بۆ ناو قەبرەكە بڵێن (بسم الله وعلی سنە رسول الله) .
19- لە سەر قەبرەكەم نەنوسرێت و بستێك زیاتر لە سەر زەویەوە بەرز نەكرێتەوە.
20- هەروەها ئەو تەلقینە بیدعەیە نەخوێندرێت لە سەر قەبرەكەم كە ئێستە باوە لە ناو خەڵكیدا.
21- دوای ناشتنم چەند كەسێك لە خزمانم لە سەر قەبرەكەم بوەستن بە قەدەر ئەوەی كە حوشترێك سەر ببریت و گۆشتەكەی دابەش بكرێت(نزیكەی سەعاتێك) وە داوای جێگیر بوونم بۆ بكەن لە كاتی پرسیاركردنی ملائكەكاندا بۆ وەڵامدانەوەیان.
22- كەس و كارم بۆیان هەیە تەعزێ‌ باریان لێ بكرێت پاش ناشتنم بە مەرجێك لە شوێنێكی دیاری كراو كۆنەبنەوە بۆ تەعزێ‌ واتە شوێنێك تەرخان نەكرێت وەك مزگەوت یان هۆڵ یان خێوەت.
23- كۆنەبنەوە بۆ قورئان خوێندن وەك لە تەعزێدا ئەكرێت یان (ڕۆژانی پێنج شەممە – چلە - ساڵانە) ئەنجام ئەدرێت ئەوانە هەمووی بیدعە و داهێنراو و حەرامن.
24- خواردن دروست نەكردن بۆ خەڵكی بەڵكو لە سەر دراوسێیە خواردن دروست بكات.
25- هەروەها ماڵ و خزمانم دۆعام بۆ بكەن و ئەگەر ڕۆژووی نەزرم لە سەر بوو بۆم بگێڕنەوە, وە ئەگەر ڕۆژووی فەرز قەرزار بووم فیدیەم بۆ بدەن.
26- داواكارم لە منداڵەكانم كە جێماون لە دوای خۆم تەقوای خوای گەورە بكەن و كردەوەی چاك بكەن و صەدەقەم بۆ بكەن و حەج و عومرەشم بۆ بكەن گەر بتوانن.
27- بۆ خزم و كەس و كارم هەیە سەردانی قەبرەكەم بكەن بۆ ئەوەی پەند و ئامۆژگاری وەربگرن و كارێك نەكەن كە خوای گەورە توڕە بكات, وە ئادابی شەرعی ڕەچاو بكەن لە سەردانی قەبرستاندا.
28- هەروەها دروستە تا سێ یەكی ماڵەكەم بكەم بە صەدەقە و بدرێت بەوانەی, كە موستەحەقن لە فەقیر و هەژاران, یان بدرێت بەمانە: (................................................................................), چونكە بۆم هەیە سێ یەكی ماڵەكەم بدەم بە هەژاران لە دوای مردنم, نەك بۆ میرات گرەكانم,وە پێویستە لە سەریان وەسێتەكەم نەگۆڕن.

هەروەها بێجگە لەوە ماڵەكەم دابەش بكرێت وەكو چۆن لە قورئان و سوننەتدا هاتووە.
ئەمەیە كە بەندەی فەقیر وەسێتی كردووە كە ماڵ و منداڵم كاری پێ بكەن لە دوای مردنم گەر بیكەن ئەوە ئەجر و پاداشتیان بۆ هەیە, وە تەبەڕا ئەكەم لە هەموو كار و وتەیەك كە پێچەوانەی شەرعە یان پێچەوانەی ئەوەیە كە نووسیومە لەم وەسێتەدا, ئیلا گەر فەرمانێكی شەرعی بێت نەمنوسیبێت.
((فَمَنْ بَدَّلَهُ بَعْدَمَا سَمِعَهُ فَإِنَّمَا إِثْمُهُ عَلَى الَّذِينَ يُبَدِّلُونَهُ إِنَّ اللَّهَ سَمِيعٌ عَلِيمٌ)){البقرة: ١٨١}.
واتە: هەر كەس دوای بیستنی وەسێتەكە و ئاگادار بوونی بیگۆڕی و كاری پێ نەكا ئەو كەسانەی دەیگۆڕن تاوانبارن, وەسێت كار گوناهێكی لەسەر نییە, بە ڕاستی خوای گەورە زۆر بیسەر و زانایە, خۆی چاك دەزانێ هەر دەستكاریەك بۆ ڕێكخستن بێت قەیناكا و پاداشتی هەیە.

وەسێت كار:


شاهیدی یەكەم :


شاهیدی دووەم :



لە دۆعای خێر بێ بەشمان مەكەن

وصلى الله على محمد وعلى آله وصحبه وسلم